ئەرکی حکومەت لەپاراستنی سەرچاوەکانی ئاودا
محەمەد رەسوڵ موراد
 
محەمەد رەسوڵ موراد

کورد دەمێکە وتویە: "ئاو و ئاوەدانی"، دیارە بە بێ (ئاو)، (ئاوەدانی) دروستنابێ، وەک توێژینەوە زانستییەکانیش جەختیان لەسەر کردۆتەوە، ئەگەر مەریخ و مانگ ئاوی شیاویان هەبوایە ئێستا ئاوەدان بون. 

هەرێمی کوردستان، خاوەنی ئاوێکی زۆری سەرزەوی یە. بڕی ئاوی سەرزەویی هەرێم لە ساڵێکەوە بۆ ساڵێکی دی جیاوازە، ئەویش بەپێی بڕی ئەو باران و بەفرەی لەو ساڵەدا دەبارێت. هەروا بڕی ئەو ئاوەی لە هەرێمی کوردستانەوە دەڕژێتەنێو روباری دیجلە و فوراتەوە دەگاتە ٢٥ملیار م٣، بەڵام لە ساڵە بەبڕشتەکاندا لە ١٠٠ملیار م٣ رەتدەبێ. 

(بێکەس) لە وەسفی کوردستاندا دەڵێت: "ئاوی کەوسەرە، خاکی گەوهەرە..."، بە دڵنیاییەوە ئەو کەوسەرە لە هەرسوچێکی ئەم جیهانەدا بوایە بەمشێوەیە بەبێ بایەخیی سەیرنەدەکرا، چونکە ئەمە سەربەسەر زێڕە، ئەگەر بایەخی بزانین داهاتێکی زۆر مەزنەو لەهەمانکاتدا سەرچاوەی ژیانە.

بۆ پاراستنی سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان پێویستە حکومەتی هەرێم ئەم هەنگاوە جدییانە بنێ:
یەکەم: پێویستە (ئاوی قورس) واتە ئاوەڕۆی شار و شارۆچکەکان پێش ئەوەی بڕژێنە ناو چەم و روبار و زێیەکانەوە بپاڵێوێت، ماددە نامۆکانی لێ جیابکرێنەوە و ئاوە پاکەکە تێکەڵی ئاوی چەم و روباروکان بکرێتەوە، کە لە ئێستادا ئاوەڕۆی زۆربەی شارو شارۆچکەکان دەڕژێتە چەم و روبارەکانەوە و دواتر بۆ خواردنەوە بەکاردەهێنرێت. بۆ نمونە ئاوی قورسی شار و شارۆچکەکانی سەنگەر و ژاراوە و قەڵادزە و رانیە و چواقورنە و حاجیاوا... تاد، دەڕژێنە ئەو روبارانەی تێکەڵی زێی بچوک دەبنەوە و، دواتر دەریاچەی دوکان پێکدێنن، پاشان لە شارەکانی سلێمانی و دوکان...تاد بۆ خواردنەوە بەکاردەهێنرێت.

دوەم: پێویستە حکومەت پەلە بکات لە جێبەجێکردنی پرۆسەی (ریسایکلین)ی پاشەڕۆ و خاشاکی شارەکان، کە لە ئێستادا ئەم خاشاکە لە نزیکی چەم و روبارەکان دەرژرێ و دەبێتەهۆی پیسبونی سەرچاوەکانی ئاو، یاخود لە رێگەی بارانەوە دەچێتە ژێر زەوی و تێکەڵی ئاوی ژێرزەوی دەبێت، کە بەشی زۆری هاوڵاتییانی کوردستان ئاوی ژێر زەوی بۆ خواردنەوە بەکاردێنن.

سێیەم: چارەسەرکردن و پاڵاوتنی پاشماوەی کارگەکان، کە بەبێ جیاکردنەوەی مادە کیمییایە زیانبەخشەکان دەڕژێنە روبار و چەمەکانەوە، یان تێکەڵی ئاوی ژێرزەوی دەبن.

چوارەم: بایەخی زیاتر بە پاراستنی پرۆژەی ئاوی خواردنەوەی شار و شارۆچکەکان بدرێت، لە رێگەی لابردن و دورخستنەوەی شەقام و قەرەباڵغیی ئۆتۆمبێل و دورخستنەوەی خانو و کارگەو بینای ناتایبەت بە پرۆژەکە، تاکو دوری ٥٠ مەتر لەم پرۆژانەوە، چاندنی درەختی بەرز و هەمیشە سەوز لە چواردەوری ئەم پرۆژانەدا بۆ جوانکردن و پاکڕاگرتنی ئاوهەوای پرۆژەکە.

پێنجەم: پێویستە حکومەت لە دو رێگاوە کار لەسەر هۆشیارکردنەوەی هاوڵاتییان و دروستکردنی هەستی بەرپرسیارێتی لای هاونیشتمانییان بکات.

١- دروستکردنی هاوئاهەنگیی پێویست لە نێوان راگەیاندنەکانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاو و راگەیاندنی کوردیی لە هەرێمی کوردستاندا (بە ئاراستە جیاوازەکانەوە).

٢- پەلەکردن لە دانانی (پێوەری ئاو)، بۆ نەهێشتنی ناعەدالەتی لە کرێی ئاودا، کەوا نەبون و ناکارایی ئەم پێوەرە بۆتەهۆی کاردانەوەی توندی هەوڵاتیان و بەفیرۆدانی ئاو وەک تۆڵەکردنەوەیان لە حکومەت. 

* شارەزا لە بواری پرۆژەکانی ئاو


ئه‌م بابه‌ته 99 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌
:07:55:27.01.2014
زیاتر ...